وۆرکشۆپی شارەزاییە پێویستەکان لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا بۆ قوتابییانی ئایتی لە پەیمانگای ئایندە

لە ڕێکەوتی ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دکتۆر هێمن فاتیح ئیبراهیم، توێژەر، پەرەپێدەر و سەرۆکی بەشی ژیریی دەستکرد لە زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک (TIU)، وۆرکشۆپێکی زانستی و پیشەیی بە ناونیشانی «شارەزاییە پێویستەکان لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا» پێشکەش بە قوتابییانی قۆناغی دووەمی بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری (IT) لە پەیمانگای ئایندە کرد.

ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دکتۆر هێمن دێت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەکنەلۆجی و ئامادەکردنی نەوەی نوێی ئەندازیاران و پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە خێراکانی بازاڕی کار لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا (AI).

گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ قوتابییانی تەکنەلۆژیای زانیاری

لە میانی وۆرکشۆپەکەدا، تیشک خرایە سەر ئەو کارامەییە تەکنیکی و شیکارییانەی کە قوتابییانی بواری کۆمپیوتەر و ئایتی پێویستە پەرەی پێ بدەن تاوەکو لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرددا هەنگاو بنێن. دکتۆر هێمن خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر بەم دیدارە دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە قسەکردن بۆ قوتابییانی بەشی ئایتی هەمیشە جێگەی دڵخۆشییەکی تایبەتە، چونکە زمانێکی هاوبەش و تێگەیشتنێکی باشتر لە نێوانیاندا هەیە؛ ئەمەش دەرفەتێکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر کراوەتر و قووڵتر باس لە زاراوە و بابەتە وردەکانی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا بکرێت.

سوپاس و پێزانین

لە کۆتاییدا، دکتۆر هێمن فاتیح ئیبراهیم سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مامۆستا هێڤی، ڕاگری پەیمانگای ئایندە، سەرجەم مامۆستایان و قوتابییانی بەشداربوو کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم وۆرکشۆپە، میواندارییەکەیان و بەشدارییە چالاکەکەیان.

گەلەری